Skip to the content

لە چوار مانگدا ملیۆنێك و 700 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە

تەنها لە ٦ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ماوەی ٤ مانگی ئەمساڵیشدا، ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: ''بەپێی نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و هەموو ڕەگەزەکان و شێوازەکانی گەشتیاری، چالاکییە گەشتیارییەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن. ئێستا ئاستی گەشتیاری بەراورد بە ساڵانی پێشوو هەنگاوی زۆر باشی ناوە و داهاتمان زۆر زیادی کردووە. کوردستان خۆی ناوچەیەکی ناوازە و سروشتێکی سەرنجڕاکێش و نایابی هەیە؛ هەر گەشتیارێکی بیانی کە دێت، بە جوانی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان و ئەو خزمەتانەی کە لەلایەن چالاکییە گەشتیارییەکانەوە پێشکەشیان دەکرێت سەرسام دەبێت''.
گەشتیارێکی خەڵکی بەسرە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: ''شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان زۆر دڵگیر و خۆشن؛ زۆر دڵخۆشم کە سەردانی ئێرە دەکەین و پێشوازییەکی جوان و ڕێکوپێکمان لێ دەکرێت".
گەشتیارێکی تر لەم بارەیەوە دەڵێت: "بەردەوام سەردانی هەولێر دەکەین. کاتی خۆش لە شوێنە گەشتیارییەکانی وەک بێخاڵ و کۆرەک، چێشتخانە و شوێنە دێرینەکان بەسەر دەبەین؛ پیاوانی ئاسایش زۆر هاوکارمانن، زۆربەی پشووەکان ڕوو لێرە دەکەین".
یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، پاڵپشتیکردنە لە کەرتی گەشتوگوزار؛ وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات. گرنگیدانیش بەو کەرتە بە پێی پلانێکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری