Skip to the content

پەرلەمانی ئەرمینیا بڕیاری یادكردنەوەی ساڵانەی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدییانی دا

لە دانیشتنێكی تایبەتی كۆمەڵەی نیشتمانیی ئەرمینیا (پەرلەمانی ئەرمینیا)، ڕۆژی 17 ی نیسانی 2024، بە كۆی دەنگ بڕیار لەسەر پڕۆژەبڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی 3 ی ئاب بۆ یادكردنەوە و ڕێزگرتن لە قوربانییانی جینۆسایدنی ئێزیدییان درا؛ كە لە ساڵی 2014 بە هۆی هێرشی دڕندانەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە شنگال ڕووبەڕووی جینۆسایدكردن بوونەوە.
پڕۆژەبڕیارەكە لەلایەن پەرلەمانتار ڕۆستەم باكۆیان، لە پارتی پەیمانی مەدەنییەوە پێشكەش كراوە و لە خوێندنەوەی یەكەمدا، بە زۆرینەی 88 دەنگی پەرلەمان پەسند كرا.
هاوكات جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا پاروێر هۆفهانیسیان، ئاماژەی بەوە كردووە: "بەرگرتن بە جینۆساید و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی، یەكێكە لە كارە لەپێشینەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەرمینیا".
لە ساڵی 2018 پەرلەمانی ئەرمینیا لە بڕیارێكدا دانی بەوە نا كە پێكهاتەی ئێزدییەكان لە عێراقدا تووشی جینۆساید بوونەتەوە و داوای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتییش كرد بە تەنگ لێكۆڵینەوەی پرسەكەوە بن.
ئێزدییەكان لە ئەرمنیا گەورەترین كەمینەی ئایینی و نەتەوەیین و وەكوو پێكهاتەیەكی ڕەگەزیی تایبەت ددانیان پێ دانراوە؛ بەپێی ئامارەكان ژمارەیان لەو وڵاتەدا لەنێوان 35 تا 50 هەزار كەسە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری