Skip to the content

کۆنفرانسی تەندروستیی کوردستان بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەستی پێ کرد

بە بەشداریی چەندین وەزارەت و دەستە و سێکتەرە پەیوەندیدارەکان، کۆنفرانسی تەندروستیی کوردستان بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ لە هەولێر دەستی پێ کرد.

د. ئامانج عەبدوڵڵا، ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەمبارەیەوە دەڵێت: "یەک تەندروستی (One health) بیرۆکەیەکی نوێیە و لە چوارچێوەی ئەم بیرۆکەیەدا پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ بەتەنها بەس نییە بۆ خۆپارێزی لەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی مرۆڤ و ژینگە و بوونەوەرانی دەوروپشتمان دەبنەوە".

گوتیشی: "تەندروستیی مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵ و ژینگە بەیەکەوە گرێ دراوە. بۆیە %75 ی ئەو نەخۆشی و ڤایرۆسانەی کە دەردەکەون، سەرچاوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاژەڵەکان، لەگەڵیشیدا گۆڕانکاریی ژینگەیی یەکێکە لە ئاڵەنگارییەکانی بەردەم مرۆڤایەتی".

پسپۆرە پەیوەندیدارەکان و هەموو وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەندروستی، کشتوکاڵ، ناوخۆ، پلاندانان، بازرگانی، دەستەی ژینگە هاوبەشن لەم پرۆسەیە و بەیەکەوە کۆ بوونەوە.

ئامانج لە بیرۆکەی یەک تەندروستی (One health) گەیشتنە بە ستراتیجییەکی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و ژینگەی وڵات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری