Skip to the content

گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد

گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، جەژنی ڕەمەزانیان کردە دەرفەت و بۆ گەشتەکانیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

محەممەد جابر، کارمەندی کۆمپانیایەکی گەشتیارییە و لەو ڕێگەیە کار دەکات؛ گوتی:"ساڵانە ١٥-٢٠ جار گەشتیار بۆ کوردستان دەهێنم، مامەڵەی هێزەکانی ئاسایش زۆر گونجاوە و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین".

لە بۆنە گرنگەکاندا، حکومەتی هەرێم، پلانی تەناهی و هاتوچۆ و گەشتیاری دادەنێت و لە ناوچە جیاجیاکاندا جێبەجێی دەکات.

ئەنوەر ساحەب، گەشتیارێکە و بە خێزانەوە هاتوون؛ گوتی:" سوپاس بۆ خوا جەژنان دێینە هەرێمی کوردستان، ڕێگە و بان و ئاسایش باشە و مامەڵەی خەڵکی هەرێم دۆستانەیە؛ لەم گەشتەماندا لە شەقڵاوە دەمێنینەوە".

بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی ٢٠٢٣، سێ ھەزار و سەد شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافەتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.

ھەزار و ٧٥ شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە ٦٢٥ ھۆتێل، ٣٧٠ مۆتێل، ٨٠ گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ٨٠٠ ڕێستۆرانت و کافەتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.

زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار گەشتیار لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری