ئەمساڵ بەرهەمی ترێ لە پارێزگای دهۆك بەرەو زیادبوون چووە
ئەمساڵ جوتیارانی دهۆك، 20 هەزار و 118 دۆنمیان بە ترێ چاندووە و پێشبینی دەكرێت 60 هەزار تۆن ترێ بەرهەم بهێنن. ئەمە لە كاتێكدایە ساڵی ڕابردوو، 48 هەزار تۆن ترێ بەرهەم هاتبوو و 20%ی بەرهەمەكە لە زیادی داوە.
ترێش یەكێكە لەو بەرهەمانەی، بە پشتیوانیی دارایی و ئیداری و گواستنەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەوانەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت؛ هاوكات حكومەتی هەرێم لە وەرزی پێگەیشتنی هەر بەرهەمێكی خۆماڵی، باج دەخاتە سەر بەرهەمی بیانی و ڕێگە لە هاوردنیان دەگرێت.
لە پارێزگای دهۆك، 125 جۆری ترێی خۆماڵی بەرهەم دەهێنرێن، بۆ بەبازاڕكردنی زیاتریشی، ساڵانە پێشانگەی تایبەت بۆ بەرهەمی ترێ و هەنگوین دەكرێتەوە.
لە سەردەمی كابینەی نۆیەمدا، بەروبوومی خۆماڵی، نرخی زیاتری پەیدا كرد و جوتیاران سوودیان لە كشتوكاڵەكانیان وەرگرت، چونكە حكومەت بەرهەمی ناوخۆیی دەپارێزێت و سنوور بۆ هاوردەكردن دادەنێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری