هەڵگرتنی باج لەسەر چەندین پیشە چووە بواری جێبەجێکردنەوە
لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢٣ ی تەمووزی ٢٠٢٤، ئەمڕۆ سێشهممه ٧ ی ئابی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕێنمایيی ڕاگرتنی باجی سەر چێشتخانە، هۆتێل، نەخۆشخانە تایبەتەکان، سەموونخانە و نانەواخانەکانی دەرکرد.
ڕێنماییەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ٧ ی ئابی ٢٠٢٤، بڵاو کرایەوە و تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، بە مەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی داراییی هاووڵاتییان و پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان، باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، سەموونخانە و نانەواخانەکان هەڵدەگیرێت.
بڕیاری ڕاگرتنی باج لەسەر ئەم پیشانە، بە مەبەستی هەرزانکردنی نرخ و بارسوککردنی دۆخی دارایيی دانیشتووانە لە هەرێمی کوردستاندا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری