ڕێگە و پردی هەڵەبجە-تووەقوت- قلیجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
لە دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەردی بناغەی ڕێگە و پردی هەڵەبجە-تووەقوت- قلیجە دانرا و پرۆژەکەش دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
ئەو پرۆژە ستراتیژییە؛ بەهۆی ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبەستێتەوە و ڕێگەکەیان کورت دەکاتەوە.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "پرۆژەکە زیاتر لە ٣١ ملیار دیناری تێدەچێت، لە دوو ساڵدا دەبێ تەواو بکرێت؛ پردەکە بۆ ئاسانکاریی بازرگانی و جووڵەی ئابووری ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت".
پردە ستراتیجییەکە ٣٦٠ مەتر دەبێت و ٢٧ کیلۆمەتری ڕێگەکە قیرتاو دەکرێت؛ ئەوەش لەلایەن دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێن".
ئەو پرۆژەیە، جگە لە لایەنی گواستنەوە و بازرگانی، سوودێکی گرنگیش بە لایەنی گەشتیاریی هەڵەبجە و گەرمیان دەگەیەنێت.
ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، مەسرور بازرانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هەڵەبجەی کرد و کۆمەڵێک پرۆژە و دەستکەوتی بۆ پارێزگاکە ڕاگەیاند، لەوانەش:
١- پەلە بکرێت لە ڕێکارە یاساییەکانی بەقەزابوونی خورماڵ.
٢-دامەزراندنی 500 کەس بە گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.
٣- دەست بکرێت بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوشاری پارێزگای هەڵەبجە.
٤-دەستنیشانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر.
٥-تایبەتمەندی بدرێت بە پارێزگەی هەڵەبجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی شارەکە.
٦- وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە بکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری