Skip to the content

بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار بەردی بناغەی سێ قوتابخانە لە هەولێر دانران

بە چاودێریی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ڕێکخراوی UNHCR، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی سێ قوتابخانەی 12 پۆلی، لە کەسنەزان و شاوێس و مامزاوە لە سنووری پارێزگه‌ى هەولێر دانران.
پرۆژەکە لەلایەن ڕێکخراوی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، بە گوژمەی 2 ملیار و 597 ملیۆن و 257 هەزار دینار، بە هەماهەنگیی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە سلێمانییش بەردی بناغەی قوتابخانەیەك و لە دهۆكیش بەردی بناغەی دوو قوتابخانە دادەنرێن، لە داهاتووشدا لەگەڵ ژمارەیەك وەبەرهێنەر، بەردی بناغەی چەندین قوتابخانە و باخچەی منداڵان دادەنێین".
لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، 109 قوتابخانە بەگەڕ خراون، 1511 قوتابخانە نۆژەن كراونەتەوە و 463 پۆلی نوێ دروست كراون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری