سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی ٢٧ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت
سایلۆی هەڵەبجە بۆ عەمبارکردنی گەنمی جوتیارانی دەڤەرەکە خرایە بواری جێبەجێکردن، کە توانای عەمبارکردنی ٤٠ هەزار تەن گەنمی دەبێت.
سایلۆکە لەسەر ڕووبەری ٥٢ دۆنم زەوی دروست دەکرێت؛ تێچووی دروستکردنی ٢٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە؛ ماوەی جێبەجێکردنی دوو ساڵە و سێ مانگە دەست بە دروستکردنی کراوە.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت: “سایلۆکە توانای هەڵگرتنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی دەبێت، لەگەڵ ١٠ کۆگا بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان".
جوتیارانی ناوچەکە بەو هەنگاوە حکومەت دڵخۆشن و پێیان وایە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کشتوکاڵ و ئابووریی ناوچەکە.
خەسرەو محەممەد، جوتیارێکی پارێزگای هەڵەبجەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و پێویستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە؛ دڵخۆشین بەوەی گەنمەکانمان جارێکی تر لەوێدا هەڵدەگیرێن، دەپارێزرێن و بەبازاڕ دەکرێن".
کابینەی نۆیەم گرنگییەکی تایبەتی بە دروستکردنی سایلۆکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان داوە؛ چونکە بنەمایەکی گرنگی ئاسایشی کشتوکاڵی و ئابوورییە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری