Skip to the content

سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییی گەرمیان؛ لە سێ ساڵدا 550 لاوی فێری پیشە جۆراوجۆرەکان کردووە

سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییی گەرمیان، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کار و ڕاهێنانی پیشەییە؛ لە سێ ساڵدا ٥٥٠ کەسی فێری پیشەکان کردووە.

هایدە حسامەدین، لەو سەنتەرەدا فێری دروومانی بووە و ئێستا گەیشتووەتە پلەی ڕاهێنەری؛ ئەو گوتی: "دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ زانکۆم تەواو کرد، ڕاستەوخۆ بەشداریی خولی کار و ڕاهێنانی پیشەییی گەرمیانم کرد. لەپاڵ ئەمەشدا لە فێرگەی دوورمان فێر کرام. دواتر لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر ئەو بڕوانامەیەی کە وەرم گرت، سەنتەرێکم بۆ ڕاهێنانی پیشەیی دانا؛ ئێستا من لەم سەنتەرە خول دەکەمەوە و ئافرەتان فێری دروومانی دەکەم. ساڵانە نزیکی هەشت خول دەکەمەوە کە زیاتر لە هەزار فێرخواز بەشدار دەبن".

بەڕێوەبەرایەتیی کار و ڕاهێنانی پیشەییی گەرمیان، لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا، ٤٤ خولی کردووەتەوە و ٥٥٠ کەس لێی سوودمەند بوونە.

جەبار محەممەد، بەڕێوەبەری کار و ڕاهێنانی پیشەییی گەرمیان، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: لەگەڵ زانکۆی گەرمیان یاداشتی لێکتێگەیشتنمان هەیە، ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن بەشداری خولەکانمان دەبن و دواتر بڕوانامەی دانپێدانراوی حکومییان پێ دەبەخشین. هەروەها بەشی ڕاهێنان لە ١٥ فێرگەی جیاواز پێک هاتووە، لە دوای دەرچوون، بەشی ڕاهێنان بە نووسراوێکی فەرمی ناوی ئەو کەسانەی کە بەشدارییان کردووە، دەداتە هۆبەی کاری بەڕێوەبەرایەتی، بۆ ئەوەی لەگەڵ لیژنەکانی دۆزینەوەی هەلی کار، کاریان بۆ بدۆزینەوە".

گوتیشی: "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، نزیکی 50 کەس هەلی کاریان لە ڕێگای لیژنەکانمانەوە بۆ دۆزراوەتەوە و چوونەتە سەر کاری خۆیان".

گرنگیدان بە فێربوونی پیشەکان و کارسازی، یەکێک لە بنەماکانی فراوانکردنی هەلی کار و گەشەی ئابووریی وڵاتە، لەم ڕووەوە حکومەت دەیەوێت توانای دەرچووان بەرزتر بکاتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری