فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەشداری لە هەڵمەتی ڕاگەیاندنی پرۆسەی سەرژمێریی عێراقدا دەکات
وا بڕیارە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، لە مانگی ١١ ـی ٢٠٢٤ بەڕێوە بچێت و فەرمانگەی میدیا و زانیارییش، بەشداری لە هەڵمەتی ئاراستەکردنی میدیاکان بۆ هۆشیاری و هاندانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا دەکات.
بۆ ئەم مەبەستە وۆرکشۆپێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پلاندانانی عێراق و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ڕێکخراوی UNFPA و بەشەکانی ڕاگەیاندنی حکومی لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەولێر بەڕێوە چوو.
گۆهدار محەممەد عەلی، بەرپرسی بەشی سەرژمێریی دانیشتووان و هێزی کار لە دەستەی ئاماری هەرێم، ڕایگەیاند:"بڕیارە لە مانگی ١١ی ٢٠٢٤، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکرێت، لەم ڕووەوە وۆرکشۆپێک بۆ دەزگەکانی ڕاگەیاندن کرا، تاکوو بۆ هەڵمەتی پرۆسەکە ئاگادار و ئامادە بن و تێیدا چۆنییەتی ڕووماڵی پرۆسەکە ڕوون بکرێتەوە".
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەمبارەوە گوتی: "ئامانجمان لەم وۆركشۆپە پێدانی وردەکاریی پلانی ڕاگەیاندنی تایبەتە، تا بزانرێ ڕۆڵی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن چییە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی ئەو کارە، چونکە ئەو سەرژمێرییە بۆ عێراق زۆر گرنگە؛ هەروەها پێویستمان بە ڕەخساندنی کەشی گونجاو هەیە بۆ خێزانی عێراقی، تاکوو بەدەم ئەو سەرژمێرییەوە بچن؛ بێگومان ڕاگەیاندنیش ڕۆڵێکی گەورەی لەم ڕووەوە هەیە".
ڕێناس تۆفیق، نوێنەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری، گوتی: "لەگەڵ ڕێکخراوی UNFPA، هەوڵمان داوە هەموو میدیای ناوچەکان کۆ بکەینەوە، تا پرۆژەی سەرژمێرییەکە بە خەڵک بناسێنن و هاندەر بن، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە هەرێمی کوردستانیش".
جێی باسە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وەکوو دامەزراوەی فەرمیی ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم پرۆژە گشتگیرەدا پلانی خۆی دەبێت و پشتیوانی لە هۆشیاری و ڕووماڵکردنی پرۆسەکەدا دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری