Skip to the content

لە ساڵی ٢٠٢٣ سەدان مین و پارچە تەقەمەنی لە گەرمیان لەنێو براون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، "لە ساڵی ٢٠٢٣، زیاتر لە ٧٧٠ مین و تەقەمەنیی نەتەقاو و ژمارەیەکی زۆری بۆمبی چێنراو پووچەڵ کراونەتەوە".

جەلال جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مینی گەرمیان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"لە ساڵی ٢٠٢٣، لە کۆی ئەو ٧٧٠ تەقەمەنییەی پووچەڵ کراونەتەوە، ٥ کێڵگەی پاککراوە ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و ١٠ هەزار و ٨٤١ کەسیش لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە سوودمەند بوون".

گوتیشی: "ڕێنماییمان بۆ خەڵک ئەوەیە، بە هیچ شێوەیەک نەچنە ناوچە مینڕێژکراو و مەترسیدارەکان، هەرکاتێکیش تەنێکی نامۆیان بینییەوە، پەیوەندی بە گەرمەهێڵی ١٨٢ بکەن تاکوو ئێمە خێرا مەترسیییەکان دوور بخەینەوە".

بەپێی داتاکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٣، توانراوە ٢ ملیۆن و ٨٠٣ هەزار و ٣٢٦ مەتردووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری