لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، چەندین چالاکی و وتووێژ لەسەر زمان بەڕێوە دەچن
له ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا کە ٢١ی شوباتی هەر ساڵێکە، چەندین چالاکیی جۆراوجۆری ئەکادیمی و کولتووری لەبارەی زمانی دایکەوە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن.
وهزارهتی ڕۆشنبیری و لاوان به بۆنهی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك، كۆڕێكی بۆ د. فهریاد فازڵ، دامهزرێنهر و سهرۆكی ئینستیوتی خوێندنی كوردی له بهرلین، ڕێك خستووە. كۆڕهكه به ناوونیشانی "زمانی كوردی و شێوهزارهكانی" پێشکەش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونهری سریانی، بە هاوبهشی لهگهڵ بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی پهروهردهی سریانی و پهروهردهی دهوروبهر، له ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا ئاههنگێكی تایبهت بۆ ڕێزگرتن له زمانی سریانی بەڕێوە دەبەن.
زانکۆی سەڵاحەدین ـش لە هەولێر، بۆ ڕۆژی زمانی دایک، کەرنەڤاڵی زانستی و هونەری تایبەت بەو ڕۆژە بە ناونیشانی "کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانی زمان و کولتووری پێکهاتەکانی" بەڕێوە دەبات.
هەروەها زانکۆی جیهان لە هەولێر، بە دروشمی "کوردستان مەڵبەندی پێکەوەژیانە" یادێکی بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک" ڕێک خستووە و تێیدا چالاکیی تایبەت بەو ڕۆژە بەڕێوە دەچێت.
هاودەم لە شاری دهۆک، زانکۆی نەورۆز و یەکێتیی نووسەرانی کورد بە هاوبەشی، لە ژێر دروشمی"زمانێ دایکێ، شەنگەستەیێ بیردانک و پاشەرۆژا مللەتانە" دیدارەکی تایبەتیان لەبارەی ڕەوشی زمانی کوردی بۆ کۆمەڵێک ئەکادیمی و زمانناس بەڕێوە دەبەن.
هەر بەم بۆنە؛ ئەكادیمیای كوردی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمسیۆنی زمان و كولتوور و پەروەردە لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا، دیدارێكی ڕێك خستووە بە ناوونیشانی "نزیككردنەوەی زارەكان و پاراستنی زمانی كوردی، بنەمایەكی یەكبوونی نەتەوەییمانە"، بە بەشداریی چەند زمانەوانێك لە هەر چوار بەشی كوردستاندا.
لە شاری سلێمانییش، کۆلێجی یاساو ڕامیاریی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، لە ڕۆژی زمانی دایک پانێلێک بە ناونیشانی "یاسای زمانە فەرمییەکان: دەرفەت و ئاڵنگارییەکان" ساز دەکات.
هەر لە سلێمانی، پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بڕایت، لە ڕۆژی زمانی کوردیدا لە ژێر ناوونیشانی "بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ بەجیهانیکردنی زمانی کوردی" پانێڵێکی زانستی بۆ ئەکادیمییەکانی شارەکە ساز دەکات.
بەشی زمانی کوردی لە فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی کۆیە، وۆرکشۆپی "زمان ناسنامەیە" لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بەڕێوەدەبات.
لە شاری ڕانییەش، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك دوو چالاکی بەڕێوە دەچن؛ چالاکیی یەکەم
بەشی زمانی کوردی لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، سیمپۆزیۆمێک بە ناوونیشانی “ڕۆڵی ئەدەب لە خزمەتكردن و زیندوێتیی زمانی كوردیدا” ئەنجام دەدات.
لە چالاکیی دووەمدا، بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ، سیمپۆزیۆمێک لەبارەی " ناسنامەی زمانی کوردی لە ڕوانگەی ئەدەبیات و فۆلکلۆرەوە" ڕێک دەخات.
هەر لە هەولێر، زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر، پانێڵێک لە ژێر ناوونیشانی گرنگی و ڕۆڵی زمان لە مانەوەی نەتەوە و پێکەوەژیان لەکوردستاندا بە بەشداریی کەسانی پسپۆر و ئەکادیمی، ڕێک دەخات.
لە هەڵەبجە، بەشی زمانی کوردیی کۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، چالاکی و مەراسیمی تایبەت بەو بۆنەیە دەکات.
ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1999، ڕۆژی 21ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک ناساندووە؛ ئەمەش بۆ بەرەنگاری دژی سیاسەتی یەکزمانکردن و تاکڕەویی کولتووری؛ هاوکات پاراستنی فرەیی و مافی قسەکردن و خوێندن بە زمانی دایک کە مافی هەموو گەلێکە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری