Skip to the content

لەبارەی فەراهەمكردنی ئازادیی ڕاگەیاندن ئەمەریكا دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێم دەكات

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە ڕێگەی كونسوڵگەریی گشتیی ئەمەریكا لە شاری هەولێر، ئاماژە بە زیادبوونی ئازادییە ڕۆژنامەوانییەكان و كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەكات و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێم دەكات.
لە ڕاگەیەندراوەكەی كونسوڵگەریی ئەمەریكادا، كە ڕۆژی 21ـی شوباتی 2024 بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەكات: "ژمارەیەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، نیشانیان دا پێشێلکارییەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ کەم بوونەتەوە و لە ناویشیاندا دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان بە ڕێژەی بەرچاو كەم بووەتەوە".
دەشڵێت: "بینینی ئەم گۆڕانکارییە مایەی هاندانمانە و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە هەوڵەکانی تا ئێستایان بۆ باشترکردنی ژینگەی میدیا و ڕاگەیاندن".
ڕاگەیاندراوەكەی كونسوڵگەریی ئەمەریكا، لەسەر بنەمای داتا و زانیارییە پشتڕاستكراوەكانە و پشتی بە نوێترین ڕاپۆرتی سەنتەری مێترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕژنامەنووسان بۆ ساڵی 2022-2023 بەستووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، كونسوڵگەریی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ڕۆژی 7ی شوباتی 2024، لە پەیامێكدا كە لە چوارچێوەی سەردانی ستافی كونسوڵگەریی ئەمەریكا بۆ چەند كەناڵ و دەزگەیەكی میدیایی لە ناو هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، ڕایگەیاندبوو: "خۆشحاڵین بە كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان لە بواری ئازادیی ڕاگەیاندندا."
حكومەتی هەرێم باوەڕی بە ئازادیی ڕاگەیاندن و ئازادیی پیشەی ڕۆژنامەنووسان هەیە و دەیەوێت ژینگەی كاری ڕۆژنامەگەری زیاتر بەرەو پێشەوە ببات، ئەمەش لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە ڕوونی دەركەتووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری