Skip to the content

"ماڵی مامۆستا جوان" ماڵێكی حكومەت بۆ پەنادان و پەروەردەكردنی منداڵانی بێسەرپەرشت

"ماڵی مامۆستا جوان" ماڵێکی تری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە شاری هەولێر، بۆ منداڵانی بێسەرپەرشتی تازە لەدایک بوو تاكوو چوار ساڵی.
کردنەوەی ماڵی "مامۆستا جوان" بۆ ئەوەیە منداڵانی بێسەرپەرشت و بێلانە، لە شەقام و کۆڵانەکان فەرامۆش نەکرێن و بێبەش نەبن لەو پێویستی و خزمەتگوزارییانەی هەر منداڵێکی تر لەناو خێزانەکەیدا هەیەتی.
سندوس ئەحمەد، سەرپەرشتیاری "ماڵی مامۆستا جوان"ـە، لەمبارەیەوە دەڵێت: "منداڵەکان بەشێوەیەک پەروەردە دەکەین کە لێرە دەرچوون و چوونە ناو خێزانێکی جێگرەوە، منداڵێکی گونجاو بن بۆ ناو خێزان".
زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت: "پرۆژەی خێزانی جێگرەوە لە هەولێریش وەكوو سلێمانی دەستی پێ كردووە، كە دوای ئامادەكارییەكان لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە، لەسەر داواكاریی خێزانەكان، بەشێك لەو منداڵانە دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیی ئەو خێزانانە".
حکومەتی هەرێم پرۆژەی خێزانی جێگرەوەی بۆ ئەو خێزانانەی کە دەیانەوێت منداڵی خانەی بێسەرپەرشتان لەخۆ بگرن ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەند مەرجێک تاوەکوو ئەو منداڵانە جێگیر و پارێزراو بن.
لەلایەكی دیكەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بڕیاری داوە ئەو منداڵانەی لە خانەی بێسەرپەرشتان گەورە بوون، لە دوای تەمەنی هەژدە ساڵی لەلایەن حکومەتەوە دامەزرێنەوە؛ ئێستاش چوار لەوانە دامەزراون و مامەڵەی دامەزراندن بۆ چوار نەوجەوانی دیکە دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری