Skip to the content

وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆرمەکانی "ڕاهێنان و کتێبخانە"ـی ڕاگەیاند

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو سیسته‌می ئەلیکترۆنیی دیکەی بۆ گەشەپێدانی توانای مامۆستایان و قوتابییان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو پلاتفۆرمی نوێی دیجیتاڵیی "ئی ڕاهێنان و ئی کتێبخانە"ی ڕاگەیاند، کە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بەردەستن.

وەزیری پەروەردە باسی لە سیستەمەکانی بەدیجیتاڵکردنی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن کرد، پێشتر له‌ ڕێگەی "ئی پەروەردە و ئی وانە"، داتاکانی قوتابی و مامۆستا و بەڵگەنامەکانیان تۆمار کراون و هەروەها تەواوی میتۆدی خوێندنی قۆناغەکان لەسەر ئینتەرنێت تۆمارکراون."

لە کاتی ڕاگەیاندنی سەکۆکانی "ئی ڕاهێنان و ئی کتێبخانە"ش، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا: "٦٠٠ ڕاهێنەر کە ماوەی ٤٠ کاتژمێر ڕاهێنراون، دەبێ هەفتانە بچنە قوتابخانەکان بۆ وانەگوتنەوە بە مامۆستایان، هەر مامۆستایەک ساڵانە ٦٠ وانەی ڕاهێنانی جۆراوجۆر وەردەگرێت."

لەم ڕێگەیەوە وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و ئەلیکترۆنی، ڕاهێنان بە مامۆستایان بکات و تواناسازی لەو بوارەدا بێنێتە کایەوە.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: "گشتاندنێک بۆ مامۆستایان دەکرێت، هەر مامۆستایەک خوێنەری زۆرترین کتێب بووبێت، دەرخستەیەک بخاتە بەردەم لیژنەی وەزارەتی پەروەردە، لە ئەنجامدا مامۆستای یەکەم خەڵاتی ٥ ملیۆن دینار و مامۆستای دووەم ٤ ملیۆن دینار و مامۆستای سێیەم ٣ ملیۆن دینار خەڵات دەکرێن، هەر قوتابییەکیش زۆرترین ڕاددە بخوێنێتەوە، ناونیشانی "قوتابيى خوێنەر"ی لە قوتابخانەدا پێ دەبەخشرێت."

بەئەلیکترۆنیکردنی وەزارەت و دامەزراوە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێم، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە گرنگیی زۆری پێ دەدرێت؛ هاوکات پرۆسەکە هەنگاوی گرنگی بڕیوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری