وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی قوتابییان دەركرد
ئەنجومەتی وەزارەتی پەروەردە، پرسی وادەی تاقیكردنەوەكان و پشووەكانی پۆلە ناكۆتاكان و پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دیاری كرد.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:"لە بەرژەوەندیی قوتابییان، یەك وادەی تاقیكردنەوە بۆ قوتابیيان دانراوە بێ جیاوازی لە ناوچەكانی كوردستان".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی:"بڕیار دراوە پشووەكانی بەهارە، سەبارەت بەو قوتابخانانەی كە لە 13ی 9ی 2023 دەستیان بە خوێندن كردووە، لە 11ی 3 تاكوو 23ی 3ی 2024 بێت؛ ڕۆژی 24ی 3ی 2024، دەست بە دەوام دەكەنەوە، ئەو شوێنانەش، پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەو قوتابخانانەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین كە لە 13ی 9ەوە دەستیان بە دەوام كردووە بە قوتابخانە تایبەتەكانیشەوە. بەڵام ئەوانەی دواكەوتوون، بە تایبەت لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری، ئەو پشووە نایانگرێتەوە و دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبەجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، سوود لەو پشووە بۆ خوێندن وەرگرن. قوتابخانە نێودەوڵەتییەكانیش، ساڵنامەی تایبەت بە خۆیان بۆ پشووەكان هەیە".
لە درێژەی بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە، بەشێك لە پڕۆگرامەكانی خوێندنی پۆلی 12 ی ئامادەیی كەم كرانەوە. لەبارەی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12، خولی یەكەمی تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12 لە 23ی 6ی 2024 دەست پێ دەكەن، تاكوو 17ی 7ی 2024 بەردەوام دەبن. خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانیان لە 17ی 8ی 2024 دەست پێ دەكات، تاكوو 4ی 9ی 2024 دەخایەنێت.
هەروەها ئەو قوتابخانانەی دەوامی ئاساییان دوا كەوتووە، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بۆ دیاریكردنی كاتی تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەمیان. ئەو قوتابخانانەی كە لە 13ی 9 دەوامی ئاساییان دەست پێ كردووە، بازنەی یەكەمی هەڵسەنگاندنی كۆتاییان لە 29 و 30ی 4ی 2024، لەگەڵ 2ی 5ی 2024، دەبێت. سەبارەت بە تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی وەرزی دووەمی ئەو قوتابخانانەی دەوامیی ئاساییان كردووە، جگە لە پۆلی 9، لە ڕێكەوتی 4ی 5ی 2024 دەست پێ دەكات، تاكوو 13ی 5ی 2024 كۆتایی دێت، خولی دووەمیان 26ی 5ی 2024 دەست پێ دەكات و لە 4ی 6 ی 2024 كۆتایی دێت.
سەبارەت بە تاقیكردنەوەی خولی یەكەمی تاقیكردنەوەی نیشتمانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لە 7ی 5ی 2024 دەست پێ دەكات، لە 14ی 5ی 2024 كۆتایی دێت، خولی دووەمی تاقیكردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە 28ی 5ی 2024 دەست پێ دەكات، لە 4ی 6 ی 2024 كۆتایی دێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری