Skip to the content

کۆنفرانسێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە بەڕێوە چوو

ئەمڕۆ، 4ی شوباتی 2024، هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە، بە سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی میدیایی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کۆنفرانسێک بۆ بەرەنگاری دژی نەخۆشیی شێرپەنجە و پرسەکانی پەیوەست بەو نەخۆشییە بەڕێوە چوو.

د. چەکدار ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سەنتەری ئازادیی دهۆک، لە کۆنفرانسەکەدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "گرنگیی ئەو کۆنفرانسە، بۆ خستنەڕووی دۆخی گشتیی نەخۆشیی شێرپەنجە و ئامارەکانە، تاکوو بە بەرنامەی گرنگتر لە ڕووی خۆپاراستن و هۆشیارکردنەوەی زیاتری خەڵک، ڕووبەڕووی نەخۆشییەکە ببینەوە، چونکە هۆشیاری و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگن".

د. چنار سنجاوی، سەرۆکی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە، گوتی: "ساڵانە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەم بۆنەیە بە دروشمێک بەڕێوە دەبەن، دروشمی ئەمساڵیش "با حکومەت ڕووبەڕووی ئالەنگاری بکەینەوە"ـیە، کە مەبەست لێی یەکخستنی چارەسەر و جۆرێتیی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەیە لە هەموو وڵاتەکان، تاکوو جیاوازی لە نێوان وڵاتانی هەژار و دەوڵەمەند نەبێت".

ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا بۆ هەر 100 هەزار كەس 190 تووشبووە، لە هەرێمی كوردستان بۆ هەر 100 هەزار كەس 151 كەس تووشبووی شێرپەنجەن، بەوەش لە خوار پێوەری جیهانییەوەیە. ژمارەی تووشبووانیش لە 2023دا، 9 هەزار و 911 كەس بووە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری