ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی بێسەرپەرشتانی تەمەن 18 ساڵی دا
حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكی فەرمیی ڕۆژی 14ـی كانوونی دووەمی 2024ـی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی ئەو كوڕ و كچە بێسەرپەرشتانەی لە خانەكانی نەوجەوانانن و تەمەنیان بووەتە سەرووی 18 ساڵ پێشان دا.
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر داوایەكی پێشووتری كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەربڕی، تایبەت بەو منداڵانەی تەمەنیان دەبێتە 18 ساڵ و لە خانەكانی بێسەرپەرشتانن، كە بریتییە لە دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست و ژمارەیان 25 كەسە."
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گرنگییەوە لە پەروەردەكردن و سەرپەرشتیكردنی منداڵانی بێسەرپەرشتی ڕوانیوە و بۆ یەكەمجاریشە كێشەی كاركردن و دامەزراندنی ئەو توێژە، لە دوای سەرپەرشتیكردنیان لە خانەكان، بەم بڕیارە كۆتایی پێ دەهێنرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری