پەیامێك لە وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
ڕۆژی دووشەممە، 22ی 1ی 2024، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، جارێكی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكییەكەی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن)ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لە دژی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە.
جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكییەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازییش بەو تاوانەوە دەكەن كە لە دژی هاووڵاتییانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە.
فەرموودەی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) ڕێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە.
ئەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن - منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لە دژی هاووڵاتیی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتنەكان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەیەکی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێن.
ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە؛ موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێپەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن موشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و موشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێچەك و بێتاوانی كوردستان ئازان.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان