Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی كانوونی دووەمی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و چەند بڕگەیەك گفتوگۆ دەكەن؛گرنگترینیشیان گفتوگۆی دواپەرەسەندنەكانی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵە لەسەر پرسی بودجە، مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، بەشداریی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 54ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس كە لە 14 – 19ی كانوونی دووەمی 2024 بەڕێوە چوو، دەخرێتە ڕوو و پوختەی كۆبوونەوەكان لەو كۆڕبەندەدا باس دەكرێت.
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بە دواپەرەسەندنەكانی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە، مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوە، گفتوگۆ دەبێت لەسەر خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی گرێبەستەكانی پەیوەست بە پرۆژەكانی ماستەپلانی شار و شارۆچكەكانی هەرێم.
بڕگەی چوارەمیش تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی كۆتایی (ڕێنمایی كاركردنی بیانی لە هەرێمی كوردستان) لە دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لیژنەیەكی وەزاری لە وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ناوخۆ و پلاندانان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری