بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی هاوردەكردنی تەماتە قەدەغە كرا
بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆییی تەماتە لەم وەرزەدا و برەودان بە بازاڕی جوتیاران، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتەی دا.
هەماهەنگییەكە بۆ پاراستنی بەرهەمی تەماتەی عێراقە و لەو چوارچێوەیەدایە كە هەردووك لا، بە هاوبەشی بەرهەمی كشتوكاڵیی یەكتر بپارێزن و ئەو كاتانەی كە پێویستە بەرهەمەكانی ناوخۆی هەرێم و عێراق بە بازاڕ بكرێن، ڕێگری لە هێنانی بەرهەمی دەرەكی بكەن.
لە پەیامەكەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمدا هاتووە:"وەكوو چۆن حكومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتهی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیارانی ناوچەی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دابوو، ئێمەش لەپێناو درێژەدان بەو نەریتی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنە و کردنەوەی بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ڕووی بەرهەمی ناوخۆی جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیارمان دا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتە، لە دەرەوەی وڵات، لە ڕێکەوتی 21/1/2024 تا کاتێکی نادیار."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری