Skip to the content

بۆ ڕێگری لە دروستبوونی لافاو حكومەت 40 ملیار دیناری لە ڕێڕەوی لوولەیی و سندووقی خەرج كردووە

لەپێناو ڕێگری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە شاری هەولێر، هەوڵەكان بەردەوامن و لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٤٠ ملیار دیناری بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی لوولەیی و سندووقی، خەرج کردووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بۆ ڕێگریكردن لە لافاو، ژمارەیەك پۆند و ئاوەڕۆی لوولەیی و سندووقی دروست كراون، ئەوەش مەترسییەكانی لافاوی لە شاری هەولێر كەم كردووەتەوە."
جگە لە دروستكردنی ڕێڕەوی نوێی ئاو، ڕێڕەوە کۆنەکانیش بەردەوام پاک دەکرێنەوە و هەموویان بەیەکترییەوە دەبەسترێنەوە.
ئومێد خۆشناو، گوتیشی: "بەشێك لە ڕێڕەوەكان كۆنكرێت كراون و لە نزیك شارەكانن، بەڵام لە دەوروبەری شارەكان دەبێت لەسەر خۆڵ بێت، تاكوو بۆ ئاوی ژێرزەوییش سوودی هەبێت."
کابینەی نۆیەم، بۆ ڕێگری لە وشکەساڵی و كەمكردنەوەی لافاو، لە خزمەتکردنی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوام دەبێت و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی لە ڕووداوە سروشتییەكان بە هەند هەڵدەگرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری