Skip to the content

بەنداوە نوێیەکانی هەرێمی کوردستان سەرڕێژ بوون

لە ئەنجامی کارکردنی بەردەوامی کابینەی نۆیەم و گرنگیدانی بە ئاسایشی ئاو، چەندین بەنداوی نوێ دروست کراون و لەم وەرزەی زستانیشدا، هەموویان سەرڕێژ بوون.

بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤، کۆی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣، زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکان و کۆگاکانی ئاو، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بەشێکی زۆر لە بەنداوە بچووکەکان بۆ ئەمساڵ سەرڕێژ بوونە، لەوانە بەنداوی دێوانە، خنس، سماقوڵی، ئاوەسپی و چەمیسمۆر".

لە ماوەی دوو ساڵدا شەش بەنداو تەواو کران و ئەمساڵ ئاویان گل داوەتەوە، هەروەها بڕیارە ئەمساڵ بەنداوی تر تەواو بکرێن و سوودیان لێ وەربگیرێت.

ڕەحمان خانی، گوتیشی: "بەنداوی گۆمەسپان وەکوو نزیکترین بەنداو لە هەولێر، ٦٠-٦٥٪ی کارەکانی تەواو بووە، گەر گرفتی دارایی بۆ نەیەتە پێش، ئەمساڵ ئەویش تەواو دەکرێت، هەروەها دوو بەنداوی دیکە لە سنووری پارێزگای دهۆک لە ژێر کاردان و ٥٠٪ی کارەکانیان تەواو بووە".

لە هەرێمی کوردستان بە گشتی ٢٣ بەنداو هەن؛ بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری تر سوودیان لێ وەردەگیرێ.
ئەو هەنگاوانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگاریکردنە لە ئاو و خۆپاراستنە لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری