تا ئێستا 190 هەزار فەرمانبەر لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار کراون
پرۆسەی تۆمارکردنی سیستەمی بانکیی "هەژماری من" بەردەوامە و تا ئێستا 190 هەزار فەرمانبەر لە سیستەمەکەدا تۆمار کراون.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نزیکەی 190 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری من کردووە و 6 هەزار فەرمانبەر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە".
مانگی ڕابردووش نزیکەی 3 هەزار فەرمانبەر لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
هەر پەیوەست بەو پرۆسەیە، وەک ئامادەکاری بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو، ئێستا نزیکەی 50 ئامێری پارەڕاکێشان (ATM) لە شاری هەولێر هەن و ژمارەیان لە زیادکردندایە.
تا ئێستا پرۆژەی "هەژماری من" بەبێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک بەڕێوە دەچێت و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە لە پارێزگای دهۆک و سلێمانی لە قۆناغی کۆتاییدایە.
پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛ لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیران و بە هاوکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بە ڕەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق بەڕێوە دەچێت.
ئامانج لە پرۆژەکە بنیاتنانی سیستەمێکی بانکیی بەهێزە کە کە فەرمانبەران و مووچەخۆران تیایدا لە چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانکی سوودمەند بن و لە قۆناغی داهاتووشدا کارمەندانی کەرتی تایبەتیش ببنە خاوەنی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری