حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بەشدار دەبێت
كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 2024 لە داڤۆس ـی سویسرا بەڕێوە دەچێت و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆڕبەندەكەدا بەشداری دەكات؛ هاودەم شاندێكی گرنگی بازرگانان و سەرمایەگوزارانی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی سەرۆكی حكومەت ئامادە دەبن.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "داڤۆس یەكێكە لە كۆڕبەندە گرنگە ئابوورییەكانی جیهان، كە ساڵانە خەڵك بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەكەن، ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆكوەزیران و وەزیری جیاجیا و سەرمایەگوزاران و كۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەكان كۆ دەكاتەوە، تێیدا كۆمەڵێك پرسی گەرم لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی باس دەكرێن، جگە لە گفتوگۆی ئەو ڕووداوانەی لە جیهان دەگوزەرێن؛ تا چەندە كاریگەری دەخەنە سەر دۆخی ئابووریی جیهانی."
گوتیشی: "لە هەمان كاتدا كۆڕبەندەكە دەرفەتێكە بۆ دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆی جیاواز. لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش، بۆ یەكەمجار ژمارەیەك لە سەرمایەگوزارەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن، تاكوو لەگەڵ هاوتاكانی خۆیاندا هەماهەنگییان هەبێت و كاری پێكەوەیی بكەن."
"لە هەمان كاتدا، ماڵێكی كوردی بە ناوی “Kurdish House“ دانراوە، تاكوو خەڵك سەردانی بكەن و تێیدا ئاشنا بن بە كوردستان و لایەنە ئابوورییەكانی و ئەو دەرفەتانەی بۆ هاوبەشی و كاری پێكەوەیی لەبەردەستن."
مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیرانی جیاجیای وڵاتان دیداری دەبێت و هەم لە ڕووی پێشهاتە سیاسییەكان و هەم لە ڕووی دەرفەتی ئابوورییەوە، كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی پێشكەشی بكات، گفتوگۆ دەكات.
54ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی كانوونی دووەمی 2024، لە سویسرا دەست پێ دەكات و سەدان كەسایەتیی سیاسی و ئابووری و كۆمپانیا و بازرگانانی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدار دەبن.
كۆڕبەندەكە لە 15 تا 19ـی كانوونی دووەم، بە بەشداریی 2 هەزار و 800 كەسایەتی لە تەواوی جیهاندا بەڕێوە دەچێت، كە 60 سەرۆكی دەوڵەت و حكومەتان تێیدا بەشدارن و وا بڕیارە دروشمی سەرەكیی كۆڕبەندەكە "بنیاتنانەوەی متمانە" بێت.
مێرك دۆسێك، بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆڕبەندەكە ڕایگەیاندووە: "بابەتی سەرەكیی ئەمساڵی كۆڕبەندەكە وەڵامدانەوەیەكی ڕاستەوخۆی ئەو دۆخەیە، كە بووەتە هۆی لاوازیی متمانە لە نێوان كۆمەڵگە و دەوڵەتەكان؛ پرسەكانیش پەیوەستن بە گۆڕانكارییە جیۆسیاسی و جیۆئابووری و ژینگەیەكان و زیرەكیی دەستكردەوە."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری