Skip to the content

حکومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاوی پاک خەرج دەکات

دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بەپێی پێوەرە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ڕۆژانە ٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنێت.

تیمەکانی تاقیگەی ناوەندیی ئاو، ڕۆژانە نزیکەی ٥٠ نموونەی ئاو لە پرۆژەی ئیفراز و بیرەکان وەردەگرن و لە تاقیگەدا پشکنینی کیمیایی و مایکرۆبایلۆجی بۆ ئاوەکە دەکەن، لە پاش دڵنیابوونەوە لە دروستییەکەی ڕێی پێ دەدرێت بگاتە هاووڵاتییان، گەر نا چارەسەری زانستی بۆ دەکرێت. لەم ڕووەوە ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان ١٠٠٪ شیاوە بۆ خواردنەوە.

فیردەوس عەلی، پشکنەری بەکتریالۆجی، لەو تاقیگەیەدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "گرنگترین پشکنینمان جگە لە پشکنینی کیمیایی، ڕاددەی شێلوویی ئاوەکەیە، کە بەپێی پێوەری ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی، دەبێ لە ٠-٥ بێت، بەوەش بۆ خواردنەوە دەشێت."

نیهاد ڕەشید، بەرپرسی تاقیگەی ناوەندیی ئاو گوتی: "هەموو نموونەکانی ئاو دەخرێنە ژێر پشکنینەوە و بە پێوەری جیهانی ڕێیان پێ دەدرێت بگەنە ماڵان، بۆیە سەدا سەد ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان شیاو و تەندروستە و بۆ خواردنەوە دەشێت."

حکومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاوی پاک خەرج دەکات و بە تەندروستترین شێوە دەیگەیەنێتە ماڵان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری