Skip to the content

كابینەی نۆیەم 404 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار بە پرۆژەكان داوە

وەبەرهێنان لە كابینەی نۆیەمدا گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی پێدانی ٤٠٤ مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەكاندا. سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت: "گرنگیی یەكەم بۆ پرۆژە كشتوكاڵی و پیشەسازی و گەشتیارییەكان بووە."
د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئەم پرسە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە تاكوو ئێستا، دەستەی وەبەرهێنان ٤٠٤ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلاری ئەمەریكی بە پرۆژەكان بەخشیوە. بەوەش تێكڕای مۆڵەتپێدان لە ساڵێكدا لە كابینەی نۆیەمدا لە سەرووی ١٠٠ مۆڵەتەوە بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بووە."
گوتیشی: "١٠٣ پرۆژە تایبەت بوون بە پرۆژەی پیشەسازی و كارگەی گەورە، بە تایبەتی لە بواری شیش و چیمەنتۆ. هەروەها ١٧ پرۆژەی كشتوكاڵی مۆڵەتیان پێ دراوە، لە هەمان كاتدا ٥٥ پرۆژەی گەشتیاری مۆڵەتیان پێ دراوە، جگە لە پرۆژەی پەروەردەیی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی. بەڵام سەرنج و گرنگیی سەرەكی بۆ پرۆژە پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیارییەكان بووە."
كابینەی نۆیەم بۆ پتەوكردنی وەبەرهێنان و نوێكردنەوەی ئەو بوارە، ٣٩ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بەهۆی كەمتەرخەمیی وەبەرهێنەران و كەموكورتیی پرۆژەكان هەڵوەشاندووەتەوە و دراونەتەوە وەبەرهێنەری چالاك، جگە لەوەش چەندین پرۆژەی هەڵپەسێردراو كەوتوونەتەوە كار.
سەرۆكی دەستە ئەوەشی ڕاگەیاند: "چەندین پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان بە پشتیوانیی ئەنجومەنی وەزیران دەكەونە كار و ئەو پرۆژانەشی كێشەیان ماوە چارەسەر دەكرێن."
وەبەرهێنان پرسێكی گرنگی بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و شارسازییە، لەم دیدگایەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بایەخێكی سەرەكی بەو بوارە داوە و بەردەوامیش دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری