Skip to the content

لە ماوەی چوار ساڵدا 8748 پەیوەندی بە گەرمەهێڵی فریاگوزاریی 115 ـەوە كراوە

هێڵی گەرمی فریاگوزاریی 115، هێڵێكی 24 كاتژمێریی خزمەتگوزاریی فریاكەوتنە، بۆ جڵەوكردنی ئاگركەوتنەوە و پاراستنی گیانی خەڵك، كە بەردەوام خزمەتی هاووڵاتییان دەكات.
ئەو هێڵە فەرمییە هەمیشە کراوەیە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە کاتی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی زیانەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر، بەخێرایی پەیوەندی بکەن.
کافی عەبدولقادر، بەرپرسی هۆبەی جووڵانەوە لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "گرنگە هاووڵاتییان لە كاتی پەیوەندیدا، جۆری ڕووداوەكە و قەبارەكەیمان بۆ ڕوون بكەنەوە، چونكە بە پێی پێویستیی ڕووداوەكە بە هانایانەوە دەچین."
لە ماوەی چوار ساڵدا، 8748 پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کراوە، ئەم هۆشیارییەش ئەرکی تیمەکانی بۆ فریاگوزاری و بەهاناوەچوون ئاسانتر کردووە و زووتر فریاگوزاری پێشكەش دەكەن.
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەسەر ئەم پرسە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ڕۆژانە زیاتر لە 50 تەلەفۆنمان بۆ دێت تاكوو بە هانای هاووڵاتییانەوە بچین، ئێمە پێمان باشە بە خێرایی پەیوەندیمان پێوە بكرێت، ئەم هۆشیارییە وا دەكات باشتر و زووتر فریای خەڵك بكەوین."
لە کاتی پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانییەوە، گرنگە زانیاری لەسەر ڕووداوەکە و قەبارەی ئاگرەکە بە کارمەندان بگوترێت، چونکە بە پێی ڕووداوەکە تیمەکان دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و فریای هاووڵاتییان دەكەون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری