Skip to the content

ڕێگەی چەندین گوندی دیكە لە دەڤەری ئاكرێ قیرتاو كران

لە درێژەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێم، ڕێگەی گوندەكانی شوش، گوندك و شەرمن لە دەڤەری ئاكرێ قیرتاو كران و ئێستا لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە بەكار دەهێنرێن.
موحسین میرانی، بەڕێوەبەری نۆژەنكردنەوە و پاراستنی ڕێگە و پرد لە ئاكرێ، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:"پرۆژەی قیرتاوكردنی ڕێگەكانی گوندك و شوش و شەرمن، كە نزیكەی ملیارێك و295 ملیۆن دیناری تێچووە، بە دابینكردنی پێویستییەكانی دیكەی ڕێگەسازی، تەواو كراون."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بەشێك لە هاووڵاتییانی ئەو گوندانەی دواند و خۆشحاڵیی خۆیان بەو پرۆژانە دەربڕی و باسیان لەوە كرد "ئاسانكاریی باش بۆ هاتووچۆ و ژیانی ڕۆژانەیان دەكات."
پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێم، سەرنجێكی وردی لەسەر گوندەكانە، تاكوو ژیانی خەڵك لەو ناوچانەدا بەرەو پێشەوە ببات و لە ناوچەكانی خۆیاندا گەشە بە بواری ئابووری و ژیانی كۆمەڵایەتیی خۆیان بدەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری