Skip to the content

پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بە ٢٤ گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە

پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بۆ ئەو گوندانەی گەرمیان کە کارەبایان پێ نەگەیشتووە، لە لایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، بە گوژمەی ٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و کارەبای نیشتمانی بە ٢٤ گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەگەیەنێت.

ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیانە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "پرۆژەی گەیاندنی کارەبا بە ٢٤ گوندی سنووری گەرمیان يەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: " کارکردن بۆ گەیاندنی کارەبا بۆ ئەم ٢٤ گوندە بەردەوامە و لە ئێستادا چەند گوندێک کارەبای بۆ گەیەندراوە؛ لە ماوەی ساڵێکدا ئەم پرۆژەیە تەواو دەبێت".

بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە هیچ گوندێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان نامێنێت کارەبای نیشتمانی پێ نەگەیشتبێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری