Skip to the content

5 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتی سعودییە دەکرێت

جوتیارانی کوردستان دەستیان بە چنینەوەی پەتاتە کرد و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە لەمساڵدا بگاتە ٧٥٠ هەزار تۆن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی جوتیارانە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر بە دوو دان (شەفت) ڕێگەپێدان بە بازرگانان دەدەن؛ تا بەرهەمەکان ڕووە و خوارووی عێراق ببەن.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: "لە چوارچێوەی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، دەرفەتی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانمان هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران سنوورەکانمان کۆنترۆڵ کردووە؛ خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بووە و جوتیاران و بازرگانان دەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشنەوە. بۆ بەبازاڕکردنی زیاتری بەرهەمەکانیان کاتی ئێوارانمان زیاد کردووە؛ ڕۆژانە لەکاتژمێر ٤ی ئێوارە تاوەکوو ٦:٣٠ فەرمانبەرەکانمان لە ژووری چاودێریی عەلوەی هەولێر بەدواداچوون دەکەن و پشتگیری بە جوتیاران و هەر کەسێک کە بەرهەمی جوتیاران بەبازاڕ بکات دەدەن. ئەو بەرهەمەی لە کوردستان بەرهەم دێت، ئێمە پشتگیری پێ دەدەین و دەتوانرێت بەبازاڕ بکرێت".

ڕۆژانە ٣٠٠ بارهەڵگر، ٢ هەزار تۆن پەتاتە و ١٠٠ تۆن پیاز، بەپێی ڕێگەپێدانێک کە پشتڕاستی دەکاتەوە بەرهەمەکە ناوخۆییە، بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەگوازنەوە.

دڵشاد سەلام، جوتیارە و لەم بارەیەوە دەڵێت: "من جوتیارم؛ لە ناوچەی شێخان و بەردەڕەش بەرهەمی پەتاتە و پیازمان زۆرە؛ ڕۆژانە ١٠٠ تا ١٥٠ ئوتۆمبێل بەرهەم بۆ ئێرە دەهێنین. بەرهەمەکانمان باشترینن لە هەموو عێراق. ئەگەر حکومەت هاوکاریمان نەکات بەرهەمەکانمان دەمێننەوە".

مستەفا نەجەف، بازرگانە و دەڵێت: "پەتاتەی کوردستان زۆر باشە و خواستێکی زۆری خوارووی عێراقی لەسەرە. ئەمڕۆ بارەکەم بۆ بەسڕە و نەجەف و کوت دەنێرم؛ ڕۆژانە بار دەنێرم و ٥٠ بۆ ١٠٠ تەن پەتاتە هەناردە دەکەم".

بە هۆی گرنگیپێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ،  بەرهەمی جوتیاران لە زیادبووندان و پاڵپشتییەکانیش بۆ بەبازاڕکردن بەردەوام دەبن. هەفتەی ئاییندە ٥ هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتی سعودییە دەکرێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری