ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە، (26 ی حوزەیرانی 2024)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات و سێ بڕگە گفتوگۆ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمدا، ڕەوشی كارەبا لە وەرزی گەرمادا و هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاریی كارەبا تاووتوێ دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، سەبارەت بە ڕەوشی بەڕێوەچوونی مەراسیمی ئەمساڵی حەج و ڕێكارەكانی وەزارەت سەبارەت بە حاجیانی هەرێم و گیانلەدەستانی ژمارەیەك لە حاجیانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكرێت.
لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا، پرسەكانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی كوردستان و ڕێكاری جێبەجێكردنی پابەندییەكان بەرامبەر حكومەتی فیدراڵی، تاووتوێ دەكرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری