Skip to the content

به‌ گوژمه‌ى 3 ملیار و 500 ملیۆن دینار، قیڕتاوکردنى ڕێگای مامەجەلکە- فریز- هیران لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنوورى پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)، لە ڕێورەسمێکدا بە گوژمەى (٣ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن و ٨٩٥ هەزار دینار)، بەردی بناغەی پرۆژەی چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگای (مامەجەلکە - فریز - هیران) دانرا، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

پرۆژەی چاککردنەوەی ڕێگای (مامەجەلکە - فریز - هیران) کە درێژییەکەى ٢٥ کم، بریتییە لە لادانی چینی قیڕی تێکچووی ڕێگاکە و پاشان ڕشاندن و پەستانەوەی و ئامادەکردنی چینی Sub-Grade و دروستکردنی فلتەر بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لێی بەرزە و بووەتە هۆکاری تێکچوونی ڕێگاکە، هەروەها ڕاخستنی چینێک لە تێکەڵەی جۆری A بە ئەستووریی ٢٠ سم و ڕاخستنی چینێک لە بەردی شکاو بە ئەستووریی ٢٠ سم و قیڕتاوکردنەوەی ڕێگاکە بە چینێک لە قیڕی جۆری ستابلایزەر بە ئەستووریی ١٠ سم و ڕێکخستنەوەی تەنیشتەشانەکانی ڕێگاکە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری