Skip to the content

بە گوژمەی ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دینار بانکێکی مۆدێرن لە قەزای سیدەکان دروست دەکرێت

سیستەمی بانکی لە کابینەی نۆیەمدا، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینوە و لەو چوارچێوەیەشدا لە قەزای سیدەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئاسانکاریی مامەڵەی هاووڵاتییان، بانکێکی پێشکەوتوو تەواو دەکرێت.

بانکی مۆدێرنی سیدەکان، بە گوژمەی ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دینار درووست دەکرێت و ٩٥٪ ی کارەکانی تەواو بووە؛ ئەمەش هاوکار دەبێت لە چەسپاندنی سیستەمی بانکی لە ناوچەکە و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکات.

ئیحسان چەلەبی، قائیمقامی قەزای سیدەکان، لەوبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت:" تەواوبوونی بانکەکە خزمەتێکی گەورە بە هاووڵاتییانی قەزاکە دەگەیەنێت و کات و تێچووی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە".

بەشێک لە هاووڵاتییانی قەزاکە دەڵێن:"بانکەکە سوودێکی زۆری بۆیان دەبێت، چونکە وا دەکات چیتر بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، ڕێگەی دووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاری هەولێر نەبڕن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی گرنگی لە بەبانکیکردنی مووچە و بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی ناوە؛ بەپێی زانیارییەکان، تاکوو ساڵی ٢٠٢٥، یەک ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان، هەژماری بانکیی خۆیان دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری