Skip to the content

تاقیکردنەوە گشتییەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەستی پێ کرد

ئەمڕۆ ٢٣ی حوزەیران، تاقیکردنەوە گشتییەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، بۆ ساڵی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ کە ٨٦ هەزار و ٣٠٧ قوتابیی زانستی، ٣٣ هەزار و ١٩٥ قوتابیی وێژەیی، ٢ هەزار و ٥١٣ قوتابیی پیشەیی لە پرۆسەکە بەشداربوون.
هەروەها ٢ هەزار و ١١٥ هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ پرۆسەکە ئامادە کراون و ١٢٢ هەزار قوتابی تاقیکردنەوەی تێدا دەکەن.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لەم بارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "هەموو پێداویستییەکانی تاقیکردنەوەمان بۆ قوتابییان دابین کردووە. ژمێرەرمان بۆ هەموو ئەو قوتابیانە دابین کردووە کە پێویستیان پێ هەیە. هیوادارین هەموو قوتابییان سەرکەوتوو بن و سوپاسی مامۆستایانی هاوکاریش لەم پرۆسەیە دەکەین".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی دارایی پێشکەش بە ٨١٠ قوتابیی شنگال کرد؛ کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان بۆ پارێزگای دهۆک هاتوون.

تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، کارەبا، گواستنەوە و گەیاندن، خوێندنی باڵا بەڕێوەدەچێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری