Skip to the content

سایلۆی قوشتەپە بە گوژمەی ٢١ ملیار و ٢٧٦ ملیۆن دینار دروست کرا

سایلۆی قوشتەپە یەکێکە لە سایلۆ نوێیەکان، کە بە گوژمەی ٢١ ملیار و ٢٧٦ ملیۆن دینار دروست کرا؛ توانای عەمبارکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە. لەمساڵدا سایلۆکە گەنمی جوتیارانی (شەمامک، سێگردکان، بالیسان) وەردەگرێت و بە باشترین و نوێترین شێواز بنیاد نراوە.

ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی قوشتەپە لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەم سایلۆیە توانای بەکۆگاکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە؛ لە ١١ بەش پێک دێت و ١٦ کۆگای هەیە، هەر کۆگایەکیش توانای وەرگرتنی ٢ هەزار و ٥٠٠ تۆن گەنمی هەیە. هەروەها بە تەواوبوونی ئاسانکارییەکی زۆر بۆ جوتیاران کراوە و بە یەک ڕۆژ و بە کاتێکی کەمتر لە پێشتر گەنمەکانیان لێ وەردەگیرێت"

سایلۆی قوشتەپە لە ٢٠٢٤/٦/٢٥، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. بە دروستکردنی، بووەتە پشتگیرییەکی باش بۆ جوتیارانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی فشار لەسەر سایلۆکانی تری هەولێر.

لە کابینەی نۆیەم سایلۆکانی کەلار، بەردەرەش و قوشتەپە دروست کران؛ کە توانای بەکۆگاکردنی ١٢٠ هەزار تۆن گەنمیان هەیە. سایلۆی هەڵەبجەش لە دروستکردندایە و لە ئاییندەدا دەچێتە خزمەت جوتیاران. کۆی تێچووی سایلۆکان گەیشتووەتە ٨٥ ملیار دینار.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە خزمەتکردنی جوتیاران و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دروستکردنی سایلۆی گەورە بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری