Skip to the content

سایلۆی گەرمیان توانای بەکۆگاکردنی ٨٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە

سایلۆی گەرمیان لە ساڵی ٢٠٢١ بە گوژمەى ٢١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار دروستکرا؛ کە توانای بە کۆگاکردنی ٨٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە.

کاروان ڕەئووف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان لەم بارەیەوە دەڵێت: "نزیکەی ٦ هەزار جوتیار لە ناوچەکانی کەلار و کفری و خانەقین گەنمەکانیان بۆ ئەم سایلۆیە دەهێنن. ڕۆژانە لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست بە کارکردن دەکەین. سایلۆی گەرمیان ساڵانە توانای بە کۆگاکردنی ٨٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە. ٤٠ هەزار تۆن لە سایلۆی ستیلی گەرمیانە؛ کە ئەم سایلۆیە پێک دێت لە ١٦ کۆگا، هەر کۆگایەکیش توانای بە کۆگاکردنی ٢ هەزار و ٥٠٠ تۆن گەنمی هەیە و کۆی گشتی ٤٠ هەزار تۆن گەنم دەکات. هەروەها ٦ کۆگای کراوەشمان بۆ گەنم هەیە، کە توانای بە کۆگاکردنی ٤٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە؛ کە کۆی گشتی دەکاتە ٨٠ هەزار تۆن گەنم".

ئەحمەد نووری، بەرپرسی بەشی تاقیگەی سایلۆی کەلارە و دەڵێت: "ئێمە وەک بەشی تاقیگە لە سایلۆی کەلار چەندین کارمەندمان هەیە، کە هەموویان ئەندازیارن. سەرەتا جوتیاران پێویستە پشتگیریی کشتوکاڵییان هەبێت بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان. ئێمە وەکوو بەشی تاقیگە هەڵدەستین بە وەرگرتنی نموونە لە گەنمی جوتیاران، ١٢ تاقیکردنەوەمان لەسەر گەنم هەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک مەرج کە گەنمەکە لەسەر ئەم مەرجانە تاقیکردنەوەی بۆ دەکرێت؛ گەر هاتوو گەنمەکە لەم مەرجانە دەرچوو و کێشەی نەبوو ئەوکات نمرەی بۆ دادەنرێت".

جوتیارانی ناوچەکە دڵخۆشن بە دروستکردنی ئەم سایلۆیە بۆ پاراستن و هەڵگرتنی گەنمەکانیان و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

محەممەد عومەر، جوتیارێکی ئەو ناوچەیە و دەڵێت: "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم سایلۆیە لە کەلار بۆ جوتیاران؛ ئەگەر ئەم سایلۆیە نەبووایە گەنمەکانمان دەفەوتا"

ئەم سایلۆیە بووەتە هۆی ئاسانکارییەکی زۆر باش بۆ بە کۆگاکردن و پاراستنی گەنمی جوتیارانی سنووری گەرمیان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گرنگیدان به‌ بەرهەمی ناوخۆیی و پەرەدان بە سێکتەری کشتوکاڵی.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری