Skip to the content

قائیمقامییەتی عەنکاوە بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ISO ـی پێ بەخشرا

قایمقامییەتی عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر، بە هۆی کارایی و پێهەستانی کوالیتیی بەرزی کارگێڕییەوە، بڕوانامەی ئای ئێس ئۆ (ISO) ی پێ بەخشرا.
بڕوانامەکە لەلایەن "ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بەستاندارکردن ISO" دەبەخشرێتە ئەو دامودەزگایانەی، بە شێوەی کارا و بە پێوەری جیهانی، بەڕێوەبەرایەتی دەکەن و بە مەرجەکان پابەند دەبن.

قائیمقامیەتی قەزای عەنکاوە، لە ماوەی ڕابردوودا پابەند بووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ هاووڵاتییان؛ ئەمەش بەپێی ئەو بنەمایانەی کارگێڕییەکی کارا و خێرا و وەڵامدەرەوە دەیگرێتە بەر.

ڕامی نووری، قائیمقامی عەنکاوە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "خۆگونجاندنمان لەگەڵ ڕوانگەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کارایی و خێرایی و بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانە، بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و پاراستنی زانیارییەکانی هاووڵاتییان؛ وای کردووە لە ماوەی ڕابردوودا قایمقامییەت زۆر پێش بکەوێت و لە ڕاییکردنی کاردا پێشەنگ بێت، ئەمەش وای کردووە بڕوانامەیەکی وای پێ ببەخشرێت".

ئەڤین واحید، فەرمانبەر لە قائیمقامییەتی عەنکاوە، دەڵێت: "ئامانج لەم پڕۆگرامە بە کوالیتیکردنی کارەکانە، یەکێک لە کارەکان، پاراستنی هەمیشەیی گشت پەڕاوەکانی شوێنە بازرگانییەکان و شوێنە گەشتوگوزارییەکانە، بە شێوەیەکی خێرا و پارێزراو کە دەبێتە هۆی کاراسانی، هەروەها سیستەمەکە بەپێی پێوەرەکانی ڕێکخراوەکە وا دەکات کاری هاووڵاتییان ئاسانتر بەڕێوە بچێت".

د. ڕەعد ئەلرەحمانی، ڕاوێژکاری کوالیتیی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی ISO، دەڵێت: "سیستەمەکە کار بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی بەردەوام دەکات، هەروەها بەڵگەنامەیەکی ڕوونی هەیە کە دەبێتە هۆی باشترکردن و فەراهەمکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەی کە قائیمقامیەتی عەنکاوە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکات، بێگومان ئەم دەستکەوتە لە ڕووی کوالێتییەوە یەکەم و پێشەنگە لەسەر ئاستی عێراق، کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی بڕوانامەی هاوتاکردن".

بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن: بەهۆی بەکارهێنانی ئەم سیستەمە، کارەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام دەدرێن، بە کاتێکی کەمتر مامەڵەکان ڕایی دەکرێن و کارەکان ئاسانترن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجییەتی کارایی و خێرایی و پێشکەوتن لە ئیدارەدانی دامودەزگا جیاوازەکان پەرە پێ بدات و ئەمەش تاکوو ئێستا چەندین وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەی گرتووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری