Skip to the content

قشڵەی ئاکرێ بە گوژمەی ١٦٦ ملیۆن دینار نۆژەن کرایەوە

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە شوێنەوار و کەرتی گەشتیاری، قشڵەی ئاکرێ بە گوژمەی ١٦٦ ملیۆن دینار نۆژەن کرایەوە.

قشڵەی ئاکرێ دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن، کە شوێنێکی ستراتیژیی باشی هەیە و بە تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن کرایەوە. ئەم قشڵەیە لەسەر ڕووبەری هەزار و ٤٠٠ مەتر چوارگۆشەیە، لە دوو نهۆم و ٣٠ ژوور و سێ هۆڵ پێک دێت.

هیوا شیمال، بەڕێوه‌به‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری ئاكرێ، به‌ فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگه‌یاند: ''بە گوژمەی ١٦٦ ملیۆن دینار قشڵەی ئاکرێ لەسەر شێوازی کۆنی خۆی نۆژەن کرایەوە؛ لە ئێستادا مەترسیی داڕمانی لەسەر نەماوە. لە پلانماندا هەیە کە دوو مۆزەخانەی شوێنەواری و کەلەپووری، هەروەها گەلەریی ڕۆشنبیری و پەرتووکخانە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و سەردانی زیاتری گەشتیارانی بیانی بۆ قەزای ئاکرێ دروست بکەین".

هەروەها گوتیشی: "پێویستمان بە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قشڵەیە بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوەی بیکەین بە مۆزەخانە و چەندین کەلوپەلی شوێنەواریی مێژوویی لەو قشڵەیە دابنێین؛ لەپێناو سەرنجڕاکێشانی زیاتری گەشتیاران بۆ قەزاکەمان".

جەگەر ئەمین، هاووڵاتییەکی قەزای ئاکرێیە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "دەمانەوێت ئەم قشڵەیە بکەینە مۆزەخانە و شوێنێکی گەشتیاری؛ بۆ سەردانیکردنی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی. گەشتیاران زۆر دڵخۆشن بە سەردانیان بۆ ئەم قشڵەیە؛ هەوڵ دەدەین زیاتر بەرەوپێشی ببەین و وێنەی کەسایەتییە ناودارەکان و مێژووی ئاکرێ لەسەر دیوارەکان هەڵبواسین".

قشڵەی ئاکرێ يەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئاکرێ؛ بە نۆژەنکردنەوەی دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و سیمایەکی جوان بە قەزای ئاکرێ دەبەخشێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوامیش دەبێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری