Skip to the content

گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لە نێوان هەولێر- لەندەن بۆ یەکەمجار دەستی پێ کرد

ئەمڕۆ هەینی، ١٤ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، هێڵی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانیی هەولێر- لەندەن کرایەوە و کاتژمێر ٢ ی دوای نیوەڕۆ، یەکەم فڕۆکە بە ١٢٥ سەرنشینەوە بەرەو لەندەن هەڵفڕی.

گەشتەکانی پێشووتری هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەریتانیا ڕاستەوخۆ نەبوون، بەڵکوو وێستگە و گۆڕینی فڕۆکەیان هەبوو، بەڵام لەمەودوا گەشتەکان ڕاستەوخۆ دەبن.

ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "یەکەم جارە لە عێراقدا، گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی بۆ بەریتانیا دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی سیستەمێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی، هەردوولایەن دەتوانن بە زووترین کات، ڤیزە و پاسپۆرتی ساختە بناسنەوە و ڕێگەی لێ بگرن".

ئەمڕۆ، لە یەکەم گەشتی ئەو هێڵەدا، ١٢٥ سەرنشین، لە شاری هەولێرەوە بەرەو لەندەن بەڕێکەوتن.

هاووڵاتییەک لە فڕۆکەخانە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "پێشتر دەبوو لە گەشتەکەماندا لە ئوردن بنیشینەوە و لەوێش چەندین کاتژمێر دوا دەکەوتین، بەڵام ئێستا بە کاتێکی کەمتر و تێچووی کەمتر دەتوانین ئەو گەشتە بکەین".

بە هۆی پشتیوانییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە بزاوتی گەشتیاری و هاتوچۆ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لە ئاییندەشدا دەرفەتی زیاتری ئاسانکاریی هاتوچۆ دابین دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری