نۆیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ ئۆتۆمبێل لە هەولێر بەڕێوە دەچێت
![](/media/25619/whatsapp-image-2024-03-03-at-184918_71982c5b.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133539554800000000)
نۆیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ پارچەی یەدەگ و ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانی، بە بەشداریی ١٢٠ کۆمپانیا لە بەڕێوەچووندایە.
پێشانگەکە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە؛ ھەشت کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێل بەشدارییان تیادا کردووە و ١١ جۆر ئوتۆمبێلیان نمایش کردووە. لە پێشانگاکەدا، چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها بە تایبەتمەندیی جیاواز خراونەتە ڕوو.
چیا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی فرۆشتنی بەرهەم لە کۆمپانیای تۆیۆتای عێراقی، لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە ٢٠١٦ ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە لەلایەن کۆمپانیای تۆیۆتای عێراقەوە بۆ بازاڕی هەرێم و عێراق دابین کراوە".
"ئامانجمان لە هێنانی ئەم جۆرە ئوتومبێلانەش، پاراستن و دابینکردنی ژینگەیەکی پاکە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم ئوتۆمبێلانە هەشت ساڵ دڵنیاییان لەگەڵە؛ هەروەها دوو تا پێنج ساڵ، خزمەتگوزاریی خۆڕاییشی لەگەڵە".
هێمن سابیر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە ماوەی چوار ڕۆژدا ٦٥ هەزار کەس سەردانی ئەم پێشانگایەیان کردووە؛ لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا، زیاتر لە ٣٠٠ گرێبەست لەم پێشانگایە کراوە؛ کە تایبەت بوون بە پارچەی یەدەگ و ئوتۆمبیل و پێداویستییەکانی".
پێشانگاکە ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر یانزەی پێشنیوەڕۆ تاکوو حەوتی ئێوارە کراوەیە؛ جگە لە جۆرەکانی ئۆتۆمبێل، ھاوکات پارچە و کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێلیش نمایش کراون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری