Skip to the content

ئاوی گلدراوە لە بەنداوە نوێیەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 100 ملیۆن مەتر سێجا

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین بەنداوی دیكە دروست كراون و بە هۆی بارانی زۆری ئەمساڵ ئاوی گلدراوە لە بەنداوەكاندا زۆر زیادی كردووە.
لە دوو ساڵی ڕابردوو بەنداوەکانی چەمرگە، شەوگێڕ، ئاقووبان، دێوانە، خەنەس و توڕەجار تەواو کراون و هەریەک لە بەنداوەكانی گۆمەسپان و بەستۆرە ئەمساڵ تەواو دەبن. ئاوی گلدراوە لەو بەنداوە نوێیانە گەیشووەتە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا، کۆی ئاوی گلدراوە لە تەواوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ٥ ملیار و ١٥٠ ملیۆن مەتر سێجایە.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو، لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ٤٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو هاتووەتە ناو هەرسێ بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک؛ چاوەڕوان دەکەین لە دوو مانگی داهاتوودا ئاوێکی زیاتر لە بەنداوەکان کۆبکەینەوە. بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژ بوون، دوو بەنداوی تر ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەر دراوە، بۆ ئەوەی پارەی نەختی بۆ دابین بکرێت، ئەوانیش بەنداوی بانووی تاڵەبان و خۆرنەوەزانە لە گەرمیان؛ هەروەها پلانمان هەیە بۆ ئەوەی بەنداوی چەقچەق لە سلێمانی تەواو بکرێت".
ژمارەی ئەو بەنداوانەی لە دروستکردندان ٦ بەنداون و بە تەواوبوونیان سوودێکی گەورە بە سامانی ئاو دەگەیەنن. پلانی کابینەی نۆیەم بۆ درووستکردنی ئەو بەنداوانە بریتییە لە: زیادکردنی ئاوی سەرزەوی، پاراوکردنی ئاوی ژێرزەوی، دەوڵەمەندکردنی سامانی ماسی، سەرچاوەیەک بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کشتوکاڵ و ئەژەڵداری، هەروەها گۆڕینی کەشووهەواو و زیادبوونی سەوزایی.
ئاسایشی ئاو و پاراستنی سەرچاوەکانی، کاری لەپێشینە و ستراتیژیی کابینەی نۆیەم بووە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکان، لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییان و ئاییندەیەکی پارێزراو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری