Skip to the content

بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران جووڵەی خستە بازاڕەوە

لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤ ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جووڵە کەوتووەتە بازاڕەوە و هاووڵاتییان پێی دڵخۆشن.

یەکێک لە بڕیارەکان، دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەرانی ناسوودمەندبوو؛ فەرمانبەرێک لە ئاکرێ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "١٨ ساڵە فەرمانبەرم و زەوییم وەر نەگرتووە، لەم بڕیارەی حکومەتدا پێم وایە دەتوانم سوودمەند بم و کاریگەریی لەسەر باشترکردنی ژیانم هەبێت".

خاتوونێکی خاوەنکار، گوتی: بڕیارەکان کە پەیوەندیی بە داشکاندنی کرێی شارەوانی و هێنانی گۆشت لە دەرەوەی وڵات هەیە، کاریگەریی باشی لەسەە کارەکانمان هەیە و پێی دڵخۆشین".

بەشێک لە خاوەنکاران دەڵێن: "لەگەڵ بڕیاردانی ئەنجومەنی وەزیران، کە بەرەو جەژنی ڕەمەزان دەڕۆین، خەڵک زیاتر ڕوویان لە بازاڕەکان کردووە و جووڵەی ئابووری باشتر بووە".

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی ئاداری ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا، ٩ بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندیی دۆخی ئابووریی خەڵک و کاسبکاران دا، کە بریتی بوون لە:

1- دابەشكردنی مووچەی مانگی ٢
2- ئامادەكاریی مووچە بۆ مانگی ٣
3- تەرخانكردنی زەوی و بەسەر فەرمانبەرانی ناسوودمەندبوو
4- داشكاندنی ٢٠٪ی پارەی كارەبا و ئاو و هاتوچۆ
5- داشکاندنی ٥٠٪ی ڕسوماتی هێنانی گۆشت
6- داشکاندنی ٢٠٪ لە كرێی خوێندنی پارالێل
7- داشكاندنی ٢٠٪ی ڕسووماتی كرێی شارەوانیی كرێچییان
8- لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باجی کاسبکاران
9- لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی

فەرمانگەی میدیا و زانیاری