Skip to the content

حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2023 زیاتر لە 9 ترلیۆن دیناری لە شایستە داراییەكانی هەرێم نەناردووە

حكومەتی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی پارەی فیعلی ڕەوانەكراوی لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو كردووەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییە فەرمییانە، ٩ ترلیۆن و ٣٧٨ ملیار دینار لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.
لە داتا فەرمییەكەدا هاتووە کۆی گشتیی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە پێشبینی دەکرا وەک پارەی مانگانە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ١٦ ترلیۆن و ٤٩٧ ملیار دینار بووە.
لە ڕووی پارەداركردنی هەرێم وەک شایستەی خۆی لە بودجە و ئەو قەرزانەی لە ٢٠٢٣ بە هەرێمی کوردستان دراوه لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە: ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵ بەپێی پشکی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێم، ٩٩٨ ملیار دینار بووە. ئەو بڕەپارانەی وەک قەرز لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ کە بە پێنج بەش نێردراوە، ٣ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بووە.
لەبارەی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان، لە داهاتەكانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٣، داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیی عێراق، داهاتی سافی بەدەست هاتوون تا ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە ٢٥ ی ٣ ی ٢٠٢٣، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەم ژمارە و داتایانە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی دیلۆیتەوە وردبینییان لەسەر کراوە، بەپێی ڕاپۆرتی پەسەندکراوی دیلۆیت، ترلیۆنێك و ٦٩٣ ملیار دینار بووە.
هەروەها داهاتی دەروازە سنوورییەکان:ڕێژەی ٥٠٪ ی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، كە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی ٢١/ دووەم، یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە ١٣ ساڵی ٢٠٢٣، هەروەها ماددەی ٢٩ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩، بڕی ٧٢٨ ملیار دینار بووە.
بەوەش کۆی ئەو بڕەپارانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی (خەرجکردنی بەشێک لە شایستەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، قەرزەکان، پشکی حکومەتی هەرێم لە داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان و داهاتی سافیی نەوتی حکومەتی هەرێم تا بەرواری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ٢٥ ی ٣ ی ٢٠٢٣، دوای دانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە) بریتی بووە لە ٧ ترلیۆن و ١١٩ ملیار دینار.
تێكڕای بڕی ماوه لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی٢٠٢٣ كە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و تا ئێستا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ٩ ترلیۆن و ٣٧٨ ملیار دینارە.
لەگەڵ بوونی ئەم تێبنییانە:
١- سەبارەت بە شایستەکان لە پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی خەرجییە حاکمییەکانی، ئەو خەرجییانە بە پارەی نەختینەیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵکوو بە شێوەی کەلوپەل هەژمار دەكرێن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە تەواوەکانی وەرنەگرتووە لە بەشەخۆراک و بابەتی دەرمان (داتا و زانیاریەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستن).


٢- تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی شایستە لە خەرجییە سەروەرییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.


٣ - وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ی ٦ی ٢٠٢٣ تا ٣٠ ی ١١ ی ٢٠٢٣، بڕی ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەلایەن وەزارەتی فیدراڵییەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە ڕادەستکراوانە بدرێت و نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.


٤ - داهات و خەرجییەکانی نەوتی و نانەوتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وردبینییان بۆ کرا و هەماهەنگییەکان لە ئێستادا بەردەوامن، لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی وردبینی شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ و ڕاپۆرتێک پێشکەش کرا. ئەنجامی کۆتایی وردبینی بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ حکومەتی فیدراڵی ڕاپۆرت دەکرێت.


٥ - سەرجەم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەرجەم یەکەکانی ناو وەزارەت وە فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە حکومەتی هەرێم ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کراوە.
٦- وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ی ئازاری ٢٠٢٣ـەوە زیانی زۆری بە گەنجینەی فیدراڵی گەیاندووە و هەروەها زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانیش گەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؛ زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری