Skip to the content

حكومەتی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستاندا دەكات

حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ بارودۆخی بازاڕی كاركردن لە هەرێمی كوردستان دەكات و ڕێگەچارەی گرفتەكانیشی دەدۆزێتەوە.
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان (UNDP) و ئاژانسی ئەمەریكایی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)، وۆركشۆپێكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی بازاڕی كار لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات.
كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "مەبەست لەو وۆركشۆپە، ڕێكخستنەوەی بازاڕی كار و بەربەستەكانی بەردەم هەلیكار و كاركردنی لاوانە لە هەرێمی كوردستان، لەم چوارچێوەیەدا لە ئاستەنگەكانی بەردەم دۆخی بازاڕ و كار دەكۆڵدرێتەوە، دواتر لە ڕێگەی ڕاپۆرتەوە هۆكار و چارەسەرەكان دەخرێنە بەردەم نووسینگەی سەرۆكی حكومەت و ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ وەرگرتنی بڕیار و چارەسەری پێویست".
وۆركشۆپەكە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و بە شێوەیەكی دامەزراوەیی، هەموو وەزارەتەكان لە پێشنیاز و خستنەڕووی چارەسەردا هاوكار دەبن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری