سیستەمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی بۆ پشتیوانیی هاووڵاتییانی گەڕاوە لە شاری سلێمانی كەوتە كار
پرۆژەی سیستەمی ڕەوانەكردنی نیشتمانی NRM، سیستەمێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانی گەڕاوەی دەرەوەی وڵات لە هەرێمی كوردستان.
سیستەمەكە لە مانگی ئایاری 2023 بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت دامەزرا و ئەمڕۆش یەكشەممە، 31 ی ئاداری 2024، لە سلێمانی جێگیر كرا.
سستەمەكە بریتییە لە خزمەتگوزاریی بێبەرانبەر بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، وەكوو پێشكەشكردنی ڕاوێژ و ئاسانكاریی دابینكردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییە نیشتمانییە لەدەستچووەكان و دابینكردنی و جێگەی نیشتەجێبوون و هاوكارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان بۆ ئەو خێزانانەی پێویستییانە.
هاودەم لە دووبارە بەدەستخستنەوەی هەلی كار و جێگیربوونەوەی ئەو خێزانانە لەڕووی ئابوورییەوە هاوكاری دەكرێن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بەسیستەمکردن و دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی دەرەوەی وڵات لە کاتی گەڕانەوەیان، ئەمەش بە ئامانجی ئاوێزانكردنەوەیان بە كۆمەڵگە و دوورخستنەوەیان لە هەستكردن بە نامۆیی و بێمافی.
سیستەمەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە پشتیوانیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ IOM و یەكێتیی ئەورووپا دامەزراوە و لە ئاییندەیەکی نزیک لە پارێزگای دهۆکیش دەكەوێتە كار.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، سەنگێكی گەورە بە مافی هاووڵاتیبوون لە هەرێمی كوردستان دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت مافی ئەو هاووڵاتی و خێزانانەش دابین بكات كە دەگەڕێنەوە خاكی وڵات و دەیانەوێت لە وڵاتی خۆیاندا بژین.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری