Skip to the content

قشڵەی زاخۆ بە بەهای ملیارێک دینار نۆژەن دەکرێتەوە

قشڵەی زاخۆ، وەکوو شوێنەوارێکی گرنگی زاخۆ نوێ دەکرێتەوە و گوژمەی پرۆژەکەش نزیکەی ملیارێک دینارە.

بە سەرپەرشتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و گەشتوگوزار و شوێنەواری زاخۆ، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قشڵەی زاخۆ لە مانگی ٩ دەستی پێ کردووە و لە ماوەی ٦ مانگی دابێ تەواو دەکرێت.

مەیان سوبحی، ئەندازیار لە پرۆژەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "ئامانج لە نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکە نوێکردنەوەی شوێنەوارییانەی شوێنەکەیە، تاکوو بپارێزرێت و بەهای مێژوویی و گەشتیاریی خۆی لەدەست نەدات. لە هەمان کاتیشدا باخچەیەک لە تەنیشت قشڵەی زاخۆ دروست دەکرێت".

هاووڵاتییەک دەڵێت: "نوێکردنەوەی شوێنەوار تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەبێت لەلایەن پسپۆرانی بوارەکە و بە کەرەستەی تایبەت نوێ بکرێتەوە، دەنا بەهای مێژوویی و شوێنەواریی خۆی لەدەست دەدات؛ بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین زۆر گرنگی بەو لایەنە شوێنەواری و گەشتیارییانە بدات. چونکە پارێزەری ناسنامە و کولتووری وڵاتی ئێمەیە و گەشتیاران ڕادەکێشێت".

هاووڵاتییەکی دیکە قسەی بۆ فەرمانگە کرد و گوتی: "سوپاسی حکومەتی هەرێمی دەکەین بۆ نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی قشڵەی زاخۆ؛ بەهیواین هەمیشە گرنگی بەو ناوچە شوێنەوارییانە بدرێت".

حکومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە بەهای شوێنەوارەکانی کوردستان تێدەگات؛ هەربۆیە لە ئاستی توانای خۆیدا و لە ئاستی هەماهەنگیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام ناوچە شوێنەوارییەکان دەپارێزێت.

بەپێی داتا فەرمییەکان، نزیکەی ٦ هەزار شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و لە وێرانبوون و فەوتان پارێزراون.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری