Skip to the content

لە ئاکرێ دووەم گەورەترین عەلوە لەسەر ئاستی عێراق بە تێچووی 22 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت

عەلوەی ئاکرێ پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانە و بۆ پاڵپشتیکردن لە جوتیاران جێبەجێ دەکرێت.

عەلوەکە بە تێچووی 22 ملیۆن دۆلار، لەسەر 98 دۆنم زەوی دروست دەکرێت؛ بەرهەمی جوتیارانی تێدا کۆدەکرێتەوە و بەبازاڕ دەکرێت.

موزەفەر شاکر، بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "جوتیاران بەرهەمی زۆریان هەیە، لە جیاتی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە هەولێر و موسڵ و شوێنی تر بەبازاڕ بکەن، ئێرە بۆیان دەبێتە بازاڕێکی سەرەکیی بەرهەمەکانیان. هەموو خەڵکی ئەم ناوچەیە، لە قەندیلەوە تاکوو بەردەڕەش و بارزان لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن".

خاوەنکارێک لەمبارەیەوە دەڵێت: "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و زۆر دڵخۆشین بە دروستکردنی ئەم عەلوەیە؛ هیوادارین بە زووترین کات دروست بکرێت".

عەلوەکە پێک دێت لە ساردکەرەوە، کۆگا، دوکانی بازرگانی، چێشتخانە و عەلەف؛ بە دووەم گەورەترین عەلوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

کابینەی نۆیەم بە گرنگییەوە لە ژێرخانی کشتوکاڵی دەڕوانێت و پرۆژەکانیش لە سێکتەری کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران بەردەوام دەبێت.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری