لە هەرێمی کوردستان یادی شەهیدانی هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا
ئەمڕۆ ١٦ ی ئاداری ٢٠٢٤، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی شەهیدانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕێزیان لە قوربانییانی ئەو کارەساتە گرت.
لەسەر ئاستی سیاسیی و دامەزراوەکان، هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەی تایبەتیان بە ساڵیادەکە بڵاو کردەوە و هاوشانی زۆربەی دامودەزگاکان و خەڵکی کوردستان، ساتێک بۆ گیانی شەهیدانی ئەو کارەساتە بە بێدەنگی وەستان. هاوکات لە شارەکان چالاکیی جۆراوجۆر بەم بۆنەیەوە بەڕێوە چوو.
لە هەڵمەتێکدا لە شاری هەولێر، وەک ڕێزێک بۆ گیانی پاکی ٥ هەزار قوربانیی هەڵەبجە، ٥ هەزار گوڵ چێندران.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "لە یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، کە زیاتر لە ٥ هەزار کەسی بێتاوان ئەنفال کران؛ وەکوو نەریتێکی ساڵانە لە هەولێر و هەموو شار و شارۆچکەکان، ٥ چرکە وەستاین بۆ گیانی پاکی ٥ هەزار کیمیابارانکراوی هەڵەبجە. لە شەقامی هەڵەبجەی شەهید یش، لە هەڵمەتێکدا ٥ هەزار گوڵمان وەکوو ڕێزێک بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوان چاند".
هاوکات لە شاری دهۆک، بەبۆنەی ئەم یادەوە هەزاران نەمام چێندران و ڕێز لە گیانی قوربانییان گیرا.
ڕۆژی ١٦ ی ئاداری ١٩٨٨ ڕژێمی بەعسی ڕەفتار فاشی، هێرشی کیمیایی کردە سەر شاری هەڵەبجە و لەو هێرشانەدا ٥ هەزار پیاو و ژن و منداڵی سڤیلی کورد شەهید کران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. تاکوو ئێستاش حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی و دارایی، قەرەبووی شارەکە و قوربانییانی نەکردووەتەوە و ساڵ بە ساڵ پشتگوێی دەخات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری